لە سەرەتای ئەو چاوپێکەوتنە مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بە ئاماژە بە ئایەتی ٨ی سووڕەتی موءمینوون، ئەمانەتداری وەک پێناسەیەکی ئەهلی ئیمان هەژمار کرد و وتی: بەرپرسیارەتی ئەمانەتە و تەواوی ئەندامانی ئێمە وەک گوێ و چاو و دڵ بەرپرسن و مرۆڤی بەرپرس، پێش ئەوەی کارێک بکات، دەبێ بیر لەوە بکاتەوە که ئەو کارە چەندە لەگەڵ ئەرکەکەی سازگاری هەیە.
 ئەو هەروەها وتی: کار هەرچەند وشیارانە و راستگۆیانە بێ بەسوودتر و باشترە و مرۆڤ دەبێ لە ئاست کارێکی که دەیکات، وەڵامگۆ بێت و بەرپرس دەبێ مافی پرسیارکردن بە بەردەنگانی بدات و پێویسته ئەوەی بزانێت که ئەگەر لە دونیادا کەس کاری ئەو نەبینێت، بێگومان خوا دەیبینێت.
 ئەمینداری گشتیی جەماعەت وتی: جەماعەت فرەچەشنی زۆری هەیە و بەربڵاوە و سروشتییە که تەواوی ئەندامانی وەک یەک بیر نەکەنەوە و ڕۆڵی وەک یەکیان نەبێ.
 ئەو لە بەشێکی تری وتەکانی وتی: هەر تاکێکی که دێته نێو جەماعەت، پێویسته چالاک بێ و بە ڕادەیەکی که کۆمەڵگا پێویستی پێمان بێ، پێویسته چالاک بین و ئەگەر کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکی دژەدینی و بێهەڵوێستی هەمبەر دین دەڕوا، ئەو ڕاستییە شتێک لە بەرپرسیارەتی ئێمه کەم ناکاتەوە؛ ئێمە پێویسته بەرنامە و شێوازی خۆمان بەڕۆژ بکەینەوە و بەپێی گۆڕانکاریی کۆمەڵگا، شێوازەکانی بانگەشە و چاکسازیی لە کۆمەڵگادا بگۆڕین و سپاس بۆ خوا جەماعەت تاکوو ئێستاش توانیویەتی سەربەرزانه کاروباری خۆی ڕێک بخات و ڕۆڵێکی میانەڕەویانەی لە کۆمەڵگادا هەبێ.
 ئەمینداری گشتیی جەماعەت لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتی: ئەندامانی جەماعەت پێویسته پێوەندییان لەگەڵ هەڵکەوتە و زانایانی کۆمەڵگا هەبێ و جەماعەت وێنەی پردێک بێ بۆ پێوەندی و وتووێژ و هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕێکخراوە و شارەزایانی کۆمەڵگا. ئەو هەروەها وتی که جەماعەتی ئێمه لە بەشی دامەزراوەکاندا خزمەتگوزاری زۆری هەبووە و ئەندامانی جەماعەت پێویسته وێڕای پەرەدان بەو دامەزراوانە و چالاکی لە سەمەنەکاندا، گرفتەکانی پێشهاتی لەو بوارەوە چارەسەر بکەن.
 وتاربێژی تری ئەو دانیشتنە جەماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی لێژنەی کارگێڕیی ناوەندی جەماعەت لە وتارێکدا گۆڕانکاریی بە پێویست زانی و وتی: ئێمه ئەگەر نەتوانین گۆڕانکاری لە خۆماندا بەدی بێنین، ئاسەوار و کاریگەریی ئێمه لەناو دەچێت و باشتر وایە خۆمان بەڕۆژ بکەین و پێشوازی لە گۆڕانکاری بکەین.
 ئەو سەبارەت بە ڕەخنە و زێدەڕۆیی لە ڕەخنەگرتن لە بەرپرسان وتی: زێدەڕۆیی لە ڕەخنەگرتن وێرانکەرە. ڕەخنە پێویسته بە ڕادەی پێویست بێ و باشتر وایە ئەندامان بەجێی ڕەخنەی زۆر، بەرەو داهێنان و خوڵقاندن بڕۆن و ڕەچاوی ئەوەی بکەن که بە چ شێوازێک کارەکان باشتر و ڕێکوپێکتر دەچنه پێش و بەرپرسان لەو بوارەوە یاریدەدەر بن و ئاسانکاریان بۆ بکەن و کارە سەرەکییەکان بەدەستی ئەندامان بچێته پێش.
 ئیسماعیلی هەروەها وتی: ئەگەر هەڵەیەکی نائەنقەست ڕووی دا، باشتر وایە پاساو بۆ بەرپرسان بێنینەوە و بە چاوی متمانەوە بۆیان بڕوانین. ئەو لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتی: کار لە دۆخێکی ئارام و بێ گرژیدا باشتر دەچێته پێش و پێویسته ئەندامانی ئێمه گرژییەکان کەم و بە کەمترین ئاستی بگێنن و تاکوو کۆتاڕۆژی بەرپرسیارەتی خۆی، کارەکان بە کەمترین گرژی و ئاڵۆزییەوە جێبەجێ بکەن. بەرپرسی لێژنەی کارگێڕیی ناوەندی جەماعەت سەبارەت بە ئامانجی جەماعەت لەبواری چالاکییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان وتی: بەشی کولتووری و کۆمەڵایەتی بوارێکی هەستیار و ناسکه و لەگەڵ ڕوحی خوشکانمان سازگاریی زیاتری هەیە. ئەو وێڕای ئاماژە بە بواری چالاکییە قوڕئانییەکان وتی: یەکێک لە سەرەکیترین بوارەکانی چالاکیی جەماعەت، چالاکی لە بواری قوڕئانە.
 ئیسماعیلی وتی: جەماعەت پێویسته لەو بوارانەی که کێشە و گرفتی کۆمەڵگا چارەسەر دەکەن، چالاک بێ و بەڕادەی بەربڵاوی و گشتگیربوونی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، خزمەتەکانی جەماعەتیش دەبێ بەربڵاو و گشتگیر بێ. ئەو لە کۆتاییدا ئامادەبوون لە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە و بنکە جەماوەرییەکانی وەک یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگایەکی سەرکەوتوو هەژمار کرد.
 وتاربێژی تری ئەو دانیشتنە، دکتۆر مەحموود وەیسی جێگیری ڕاهێنان و پەروەردەی ناوەندی بوو که سەبارەت بە گرینگیی و پێویستیی گۆڕانکاری قسەی کرد و وەک پێویستییەک بۆ گەشەی ژیانی مرۆڤایەتی هەژمار کرد.
 وتاربێژی تری ئەو دانیشتنە دکتۆر ئیدریس پیرساحێب بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی جەماعەت بوو که جەختی لەسەر بەرچاوەکییەتی و دیاربوونی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا کرد و وتی ئەو گۆڕانکارییانە تەنانەت جۆری جل‌وبەرگ و خواردنی ئێمەشی لەخۆ گرتووە.
 جێی ئاماژەیە لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و بەرپرسی لێژنەی کارگێڕیی ناوەندیی بە دڵاواییەوە وەڵامی پرسیاری بەرپرسان و ئەندامانی لق و نووسینگەی کرماشانیان دایەوە.
 هەروەها جێی ئاماژەیە لە سەرەتای دانیشتنەکەدا ئەمانوڵڵا فەرەجی بەرپرسی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی لقی کرماشان بەخێرهاتنی میوانانی کرد و کۆڕەکە بە خوێندنەوەی قوڕئانی پیرۆز لە لایەن قوڕئانخوێن خالید موحەممەدی دەستی پێ کرد و بە بەڕێوبەرایەتی جەهانگیر ئەمینی درێژەی کێشا و بە نزاکانی مامۆستا هاشم حەکیمی کۆتایی پێ ھات.